مـــرحبــا بــــك فـــي مجلس النواب العراقي | الكوردي
ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی هێشتنه‌وه‌ی دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌كراوه‌یی   *     ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانیشتنی كراوه‌ی خۆی دواده‌خات   *     ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ڕۆژی سێشه‌ممه‌ ده‌ست به‌ دانیشتنی ئاسایی خۆی ده‌كاته‌وه‌   *     لیسته‌ په‌رله‌مانیه‌كان سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گفتوگۆكانیان ده‌ره‌نجامی ئیجابی لێبكه‌وێته‌وه‌   *     دكتۆر فوئاد مه‌عسوم: لیسته‌ په‌رله‌مانیه‌كان كۆكن له‌سه‌ر به‌رده‌وامی كۆبوونه‌وه‌كان به‌مه‌به‌ستی پێكهاتنیان   *       
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بودجه‌ی گشتی فیدڕاڵی ساڵی 2010ی په‌سه‌ندكرد
 
  چوارشه‌ممه‌ 27 كانونی‌ دووه‌م 2010

      
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌دانیشتنی ئاسایی بیست و نۆیه‌می خۆیدا له‌ڕۆژی سێشه‌ممه‌ به‌رواری كانوونی دووه‌می 2010 به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد سامه‌ڕائی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بودجه‌ی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2010 په‌سه‌ندكرد.
به‌پێی بودجه‌كه‌ چاوه‌ڕی ده‌كرێت بڕی داهاتی عێراق بۆ ساڵی دارایی 2010 بریتی بێت له‌ 61735 ملیارو 312 ملیۆن و 500 هه‌زار دینار بێت، به‌ڵام كۆی بڕی ئه‌و بودجه‌یه‌ی كه‌ بڕیاره‌ خه‌رج بكرێت بۆ ساڵی 2010بریتیه‌  84657 ملیارو 467 ملیۆن و 556 هه‌زار دینار، له‌م نێوه‌نده‌شدا بودجه‌ی وه‌به‌رهێنان بریتیه‌ له‌ بڕی 23676 ملیارو 772 ملیۆن و604 هه‌زار دینار، به‌ڵام بڕی خه‌رجیه‌كانی وه‌گه‌ڕخستن بریتیه‌ له‌ 60980 ملیارو 694 ملیۆن و 952 هه‌زار دینار، به‌م پێیه‌ش بڕی كورتهێنانیش له‌ پڕۆژه‌ی بودجه‌ی دانراو بۆ ساڵی دارایی 2010 ده‌بێته‌ 22922 ملیارو 155 ملیۆن و 952 هه‌زار دینار، چاره‌سه‌ری ئه‌مه‌ش به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ پاره‌ی گه‌ڕاوه‌ی ساڵی 2009و قه‌رزی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی ده‌بێت.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ڕایگه‌یاند كه‌ پاش په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ وه‌رزی یاسادانانی دووه‌م كۆتایی دێت، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ ئه‌گه‌ر لیسته‌ په‌رله‌مانیه‌كان بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر یه‌كێك له‌ یاسا گرنگ و پێویسته‌كان ئه‌وا له‌وانه‌یه‌ بانگه‌شه‌ بكرێت بۆ ئه‌نجامدانی دانیشتنێكی نائاسایی.
شایانی باسه‌ له‌سه‌ره‌تای دانیشتنه‌كه‌دا سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن پرسه‌ی ئاڕاسته‌ی كه‌سوكاری ئه‌و قوربانیانه‌كرد كه‌ به‌ هۆی ته‌قینه‌وه‌كانی به‌غدا گیانیان سپاردو ناڕه‌زاییشی ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌ تاوانكاریانه‌و جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وام بێـت بۆ دژایه‌تیكردنی بانده‌ تاوانبارو تیرۆریستیه‌كان.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی دانیشتنه‌كه‌دا په‌رله‌مانتار فه‌لاح حه‌سه‌ن شه‌نشه‌ل داوایكرد كێشه‌ی پاڵێوراوانی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی لێپرسینه‌وه‌و دادوه‌ری كۆتایی پێبهینرێت، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ به‌پێی یاسای پاڵێوراوه‌كان له‌لایه‌ن لیژنه‌ی لێپرسینه‌وه‌و دادوه‌ری له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆك وه‌زیران كراون تاوه‌كو به‌رزیان بكاته‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و پاشان په‌سه‌ندبكرێن، له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ڕایگه‌یاند كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ بڕیاردراوه‌ په‌له‌بكرێت له‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی ئه‌و پاڵێوراوانه‌ی خراونه‌ته‌ ڕوو بۆ ده‌سته‌ی لێپرسینه‌وه‌و دادوه‌ری.
هه‌ر له‌دانیشتنه‌كه‌دا په‌رله‌مانتار موحه‌ممه‌د حه‌یده‌ری سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران داوایكرد بڕیاربدرێت له‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنی لیژنه‌ی شاره‌زایانی تایبه‌ت به‌ دیاریكردنی پاڵێوراوانی پۆستی ئه‌ندامانی كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ، هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ به‌پێی نووسراوێكی وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ 18 هه‌زار گیراو له‌لایه‌نه‌ ئه‌منیه‌ عێراقیه‌كانه‌وه‌ به‌ندكراون 13 هه‌زاری دیكه‌ش حوكمدراون، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ پێشێلكردنی مه‌ترسیدار له‌ به‌ندیخانه‌و گرتووخانه‌كاندا هه‌ست پێده‌كرێت، به‌تایبه‌ت دیارده‌ی سزادان به‌مدواییه‌ زیاتربووه‌و هه‌ندێك له‌به‌ندیه‌كانیش به‌ به‌رتیل نه‌بێت ئازاد ناكرێن، ڕاشیگه‌یاند كه‌ لیژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌م دیارده‌یه‌ پێكده‌هێنێت و داواشی له‌ حكومه‌تی عێراق كرد ئاگاداری ئه‌م لایه‌نه‌ بێت.
به‌ڵام په‌رله‌مانتار جینان عوبێدی ڕوونیكرده‌وه‌ كه‌ هێشتا به‌شێك له‌و گیراوانه‌ی لای ئه‌مریكیه‌كانن نه‌دراونه‌ته‌وه‌ ده‌ست لایه‌نی عێراقی، له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ په‌رله‌مانتار حه‌سه‌ن عوسمان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ ده‌یان كه‌س چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ گرتووخانه‌ی كازمیه‌ن و تا ئێستاش دادگایی نه‌كراون، هه‌رله‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ په‌رله‌مانتار نه‌سسار روبه‌یعی چه‌ند پێشنیارێكی خسته‌ڕوو له‌وانه‌ دیاریكردنی ماوه‌یه‌ك بۆ دادگاییكردنی گیراوه‌كان و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هۆكاری ئازاد نه‌كردنی ئه‌و گیراوانه‌ی كه‌ دادگاكان بێتاوانیان سه‌لماندووه‌و لیژنه‌یه‌كیش پێكهبهێنرێت له‌و لیسته‌ په‌رله‌مانیانه‌ی كه‌ پێشتر پشتیوانی ڕێككه‌وتننامه‌ی ئه‌منی نێوان عێراق و ئه‌مریكایان كرد بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و زانینی هۆكاره‌كانی مانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ گیراوه‌ عێراقیه‌كان له‌به‌ندیخانه‌ ئه‌مریكیه‌كاندا.
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش پێداگری له‌سه‌رئه‌وه‌كرد كه‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پشتیوانی هه‌وڵه‌كانی لیژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كات و داواشیكرد ڕاپۆرتێك له‌مباره‌یه‌وه‌ پێشكه‌ش بكرێت، دوپاتیشیكرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ته‌واوی هه‌وڵه‌كان به‌خه‌رج بدرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی گیراوه‌كان له‌ڕێی هه‌مه‌ئاهه‌نگیكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان.
پاشان ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كۆتاییهێنا به‌ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پێشنیاری یاسای سندوقی سه‌رپه‌رشتیكردنی بێباوكان و پێشنیاری یاساكه‌ش له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ پشتیوانیكرا به‌هیوای نه‌هێشتنی ئه‌و بێبه‌شیه‌ی له‌سه‌ر بێباوكانه‌ له‌عێراق.
هه‌روه‌ك كۆتایی هێنرا به‌ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌ی یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی، له‌كاتی تاوووتوێكردنی پڕۆژه‌كه‌ش په‌رله‌مانتاران چه‌ندین تێبینی و پێشنیاری پێویستیان خسته‌ڕوو.


فه‌رمانگه‌ی ڕاگه‌یاندن
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
26/1/2010
 

 أرسل هذا المقال لصديق  أرسل هذا المقال لصديق    صفحة للطباعة  صفحة للطباعة


 

 
 
 
 
POWERED BY ENG.A.K.ALSAADI